چەکدارانی رێکخراوی داعش ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هێزەکانی هەسەدە لە باشووری حەسەکە کردە ئامانج

حەسەکە – نۆرس پرێس

رۆژی دووشەممە چەکدارانی رێکخراوی داعش، بەرپرسیارێتی خۆیان لە بە ئامانج گرتنی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە ” لە شارۆچکەیەکی باشووری حەسەکە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاند.

پێگەی ئەلیکترۆنی ئەعماق کە نزیکە لەو ڕێکخراوە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاندووە، کە چەکدارانی ڕێکخراوەکە بە دۆشکە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هێزەکانی هەسەدەیان لە نزیک شارۆچکەی سەعدە لە باشووری حەسەکە کردە ئامانج.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەئامانجگرتنەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەندامێکی هەسەدە و برینداربوونی ئەندامێکی تر.

شەممەی ڕابردوو، سەرچاوەیەکی سەربازی لە هێزەکانی هەسەدە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ نۆرس پرێس، ڕایگەیاند کە بە دۆشکە هێرشکراوەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هێزەکانی هەسەدە و هێرشەکەش بووەتە هۆی لەگیان لەدەستدانی ئەندامێکی هەسەدە و برینداربوونی کەسێکی تر.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوە: سەعەد یازچی