چەکدارانی نەناسراو هێرش دەکەنە سەر بازگەکانی “هەسەدە” و “ئاسایش” لە دێرەزوور

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردە سەر بازگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی رۆژئاڤا) لە شارۆچکەی ئەلبەسیرە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور لە رۆژئاوای کوردستان.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە “هەسەدە” لە شارۆچکەی ئەلبەسیرە رایگەیاند، چەکدارە نەناسراوەکان بە چەکی ئۆتۆماتیکی سەرکردایەتی لیوای ئەلبەسیرەی “هەسەدە” و بازگەکانی دەوروبەریان کردوەتە ئامانج.

ئاماژەیان بەوەشکرد، شەڕ و پێکدادانێکی پچڕپچڕ لە نێوان هێزەکانی “هەسەدە” و هێرشبەرەکاندا دروستبووە، کە بۆ ماوەی کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا هێرشبەرەکان ناچاربوون هەڵبێن، بەپێی سەرچاوەکە.

ئاماژەیان بەوەشکرد، دوو بازگەی هێزە ئەمنییەکان کە لە دەروازەی شارۆچکەی “ئەبو حەمام و گرانیج”ن لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور جێگیرکراون، بە چەکی ئۆتۆماتیکی هێرشیان کراوەتە سەر.

راشیانگەیاند، لە سەرجەم بەئامانجکردنەکاندا، زیانی گیانی نەبووە.

دوێنێ یەکشەممەش، “هەسەدە” هەڵمەتێکی ئەمنی بۆ بەدواداچوونی شانەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”، لە دێرەزوور، بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیپێکرد.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان