“هەسەدە” دەرئەنجامە سەرەتاییەکانی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکەی دێرەزووری راگەیاند
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەنجامی ئەو هەڵمەتە ئەمنییەی ئاشکراکرد کە هێزەکان لە دێرەزوور بۆ بەدواداچوونی شانەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کەمتر لە رۆژێکە دەستیپێکردووە.
دوێنێ یەکشەممە، “هەسەدە” هەڵمەتێکی ئەمنیی بۆ بەدواداچوونی شانەکانی “داعش” لە دێرەزوور دەستپێکرد، بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لە ژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی “بەهێزکردنی ئاسایش”.
فەرهاد شامی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئاسمانی “روناهی” رایگەیاند، هەڵمەتەکە بووەتە هۆی دەستگیرکردنی 13 کەس، هەروەها کوژرانی کەسانی دیکەش کە ئامادە نەبوون خۆیان رادەست بکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، هێزه به شداربووەکان لە هەڵمەتەکەدا 5 ئه ندامی داعشیان دەستگیر کردووە، جگە له دەستگیرکردنی 8 کەسی دیکە کە ماددەی هۆشبەریان پێ بووە، هەروەها کوژرانی 3 چه کدار کە ئامادەنەبوون خۆیان رادەست بکەن.
لە کاتێکی پێشتری ئەمڕۆشدا، بەڕێوبەریی خۆسەر لە دێرەزوور پێشوازی لەو هەڵمەتە ئەمنییە کرد کە لەلایەن “هەسەدە”ەوە راگەیەندرا، جەختی لەوە کردەوە، لەسەر داوای دانیشتووان و سەرکردەکانی خێڵەکان ئەو هەڵمەتە دەستپێکراوە، بۆ سەپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.