دوای پێکهێنانی میلیشیایەکی نوێ.. دڵەڕاوکێی سەربازی لە نێوان دوو میلیشیای سەر بە تورکیادا لە ئەعزاز بەدیکرا
ئەعزاز – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، شاری ئەعزاز لە باکووری حەڵەب، ئاگادارکردنەوە و دڵەڕاوکێی سەربازی لە نێوان هەردوو میلیشیای “بەرەی شامییە” و “فەیلەقی سێ”ی لایەنگری تورکیادا بەخۆوە بینی، ئەمەش دوای پێکهێنانی فیرقەی 37 لە لایەن “فەیلەقی سێ”وە، بەهۆی دابەشکاری نوێوە لە ناو ریزەکانی “بەرەی شامییە”دا.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ناوچەکە دۆخی ئامادەباشی لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا بەخۆوەبینیوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە “بەرەی شامییە” دەستی بەسەر بارەگایەکی چەکی قورسدا گرتووە، کە سەر بەو سەرکردەیە کە لە بەرەی شام هەڵگەڕاوەتەوە، “ئەبولعز ئەریحا” لەسەر رێگای ئەعزاز – باب ئەلسەلامە، لە باکووری شاری حەڵەب.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، “بەرەی شامییە” تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە مۆڵەتیان بە فەرماندەی فەیلەقی سێ، “حوسام یاسین” داوە، بۆ ئەوەی بارەگای فیرقەی 37 لە شاری ئەعزاز و گوندەوارەکەی رادەست بکاتەوە.
بەرەی شامییە بە دیارترین پێکهاتەی “جەیش وەتەنی” دادەنرێت لە باکووری حەڵەب، بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئەمیش لە میلیشیاکانی “جەیش ئەلئیسلام، ئەحرار شام، ئەنسارولشام و لیوای عاسیفە ئەلشیمال” پێکدێن.