بۆردوومانێکی ئیسرائیل کارەکانی فڕۆکەخانەی حەڵەب رادەگرێت

حەڵەب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، میدیاکانی سوریا بڵاویانکردەوە، کە بۆردومانێکی ئیسرائیلی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەبی کردوەتە ئامانج و بەو هۆیەشەوە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکە لەکارکەوتووە.

دەزگای فەرمی “سانا”ی سەر بە حکومەتی سوریا لەزاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە رایگەیاندووە، “دوژمنی ئیسرائیل، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە دەستدرێژییەکی ئاسمانی ئەنجامداوە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەبی کردوەتە ئامانج، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەب کارەکانی رابگرێت”.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە نزیکەی کاتژمێر 4:30 خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل “دەستدرێژییەکی ئاسمانی لە ئاراستەی دەریای ناوەڕاستەوە لە رۆژئاوای لازقییەوە ئەنجامدا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەبی کردوەتە ئامانج”.

ئەو سەرچاوە سەربازییە ئاشکرای کرد کە تۆپبارانی ئیسرائیل زیانی ماڵی بە ڕێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەکە گەیاندووە و لەکاری خستووە.

ئەو تۆپبارانە نوێیە دوای هەفتەیەک دێت لە هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بە بەئامانجگرتنی هەندێک پێگە لە دەوروبەری دیمەشق، کە لە ئەنجامدا سەربازێک لە هێزەکانی سوریا بریندار بوو و زیانی ماڵی لێکەوتەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی