هەولێر – نۆرس پرێس
هێشتا هەفتەیەک بەسەر کۆچى دوایی تێنەپەڕیوە، بەڵام کارەکە وادەخوازێت، جێگرەوەی بۆ دیاریبکرێت.
هەرچەندە ئێستا دۆخەکە بۆ هیچ لایەک لە رووسیا و گروپەکەش روونییە، بەڵام پوتین، دەیەوێت ئەو ریسکە بکات و ئەندرێ نیکۆلایڤیچ ترۆشێڤى، وەک بەرپرسی یەکەمى ڤاگنەر دەستنیشان بکات.
ئەندرێ نیکۆلایڤیچ ترۆشێڤى، بەیەکێک لە دامەزرێنەرانى ڤاگنەر دادەندرێت، لەساڵى 1962، لەشارى لینینگراد لەدایکبووە.
دەستنیشانکردنى ئەندرێ، لەدواى کۆبوونەوەى ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکى رووسیا دێت، لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵاى سەربازى وڵاتەکەى.
بەگوێرەى لێدوانى چەند سەرچاوەیەک، کە قسەیان بۆ سی ئێن ئێن کردووە، پوتین دەیەوێت بەچەند هەنگاوێک کارەکانى ڤاگنەر رێکبخاتەوە.
پوتین لە کۆبونەوەکەیدا، ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەى یاسای رووسیا، پێویستە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەى کەسێک بۆ شوێنگرەوەى پریگۆژین دیاریبکەن، تاوەکو کارەکانى گروپەکە بەشێوەیەکى یاسایى بەڕێوەببات.
ئەندرێ نیکۆلایڤیچ ترۆشێڤى، بەکەسێکى نزیک لە پوتین دەناسێندرێت، سەرکردایەتى ئۆپەراسیۆنى ناوچەى دێرەزووریکردوە لە ڕۆژهەڵاتى سوریا، کە تێیدا چەکدارانى ڤاگنەر ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووى هێزەکانى ئەمریکابونەوە.
ئەندرێ ترۆشێڤ یەکێکە لەو کەسانەى لە نێو لیستى سزاکانى یەکێتى ئەوروپا دێت، لە مانگی حوزەیرانی 2022، لەلایەن ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکاوە وەک سەرۆکی گروپێکی سەربازی ناسێنراوە، بەتۆمەتى ئەوەى پەیوەندى لەگەڵ سەرکردایەتى باڵایى ڤاگنەر هەبووە.
رۆژى چوارشەممەى رابردوو، فڕۆکە تایبەتەکەى فەرماندەى گرووپى چەکداریى ڤاگنەرى کە لە مۆسکۆوە بۆ سانت پیترسبورگ بەڕێکەوتبوو، تێکشکا، رووداوەکەش کاردانەوەى جیاوازى لێکەوتەوە و رووسیاش، بەشێوەیەکى فەرمى گیانلەدەستدانى یەڤگینى پریگۆژینى سەرۆکى گروپى ڤاگنەر و دیمیتری ئوتکین پیاوی دووەمی گروپەکەى ڕاگەیاند.
لە ئێستادا باسى گەرمى میدیاکان دەستنیشانکردنى جێگرى پریگۆژینە، بەڵام چاودێران پێیان وایە، دەستنیشانکردنى کەسێک بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە ئاسان نابێت و لە داهاتوودا کاریگەرییە نەرێنیەکانى دەردەکەون.