شاندێکی ئەمریکی سەردانی ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریایان کرد
قامشلۆ-نۆرس پرێس
ئەمرۆ یەکشەممە شاندێکی ئەمریکی سەردانی ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سوریای (ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا) کرد، ئەم سەردانە بەیەکەم سەردانی لە دوای تێپەرینی 10 ساڵ بە سەر سەردانەکەی جۆن مەککەین سیناتۆری ئەمریکا باکوری سوریا دادەنرێت.
بەپێی ماڵپەری (تەلەفزیۆنی سوریا) ئەمرۆ شاندێک لە کۆنگرێسی ئەمریکا کە لە سێ ئەندام پێکهاتبوو، لەنێویاندا ئەندامێکی پارتی کۆمارییەکان، فرانش هیل گەیشتنە باکووری رۆژئاوای سوریا.
شاندەکە چاوی بە ژمارەیەک رێکخراوی مەدەنی لە باکوری رۆژئاوای سوریا کەوت.
چالاکوانانی باکوری سوریا لە سۆشیال میدیا بڵاویانکردەوە، شاندەکە سەردانی نەخۆشخانەیەکی دەروازەی سنووریی باب سەلامەیان کردووە لە نزیک شاری عەزاز لە باکووری حەلەب، دواتر گەرانەوە تورکیا و لە شاری ئیستەنبول لەگەڵ بەدر جاموس سەرۆکی لیژنەی دانوستانکاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا کۆبوونەوە.