کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سوپای ئەمریکی لە کاتی مەشقدا لە ئوسترالیا
دیمەشق – نۆرس پرێس
وەزارەتی بەرگری ئوسترالیا رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، فڕۆکەیەک کە ئەندامانی سوپای ئەمریکای هەڵگرتبوو، لەکاتی ئەرکێکی مەشقکردندا لە دوورگەی مێلڤیل لە باکووری داروین لە خاکی باکووری ئوسترالیا تووشی رووداوێک بوو.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، راپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە رووداوەکە پەیوەندی بە کارمەندانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە هەبووە و ئەندامانی هێزی بەرگری ئوسترالیای نەگرتووەتەوە.
سکای نیوزی ئوسترالیا بڵاویکردەوە، هەلیکۆپتەرێکی جۆری V-22 Osprey لە کەناراوەکانی داروین کەوتەخوارەوە و کە نزیکەی 20 ئەندامی هێزی دەریایی ئەمریکی هەڵگرتبوو.
بەرگری ئوسترالیا ئاماژەی بەوەدا “لە کاتی مەشقە هاوبەشەکاندا، ئەوان هیچ دەستێکیان نەبووە لە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرە ئەمریکیەکەدا”.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، “هێشتا ژمارەی قوربانییە سەربازییەکان نەزانراوە، نەخۆشخانەی داروین لە ئامادەباشییەکی تەواودایە، بەڵام راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە”.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتەکە، دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی سەرنشینانی بەردەوامە.
هەلیکۆپتەری V-22 Osprey توانای بەرزبوونەوە و نیشتنەوەی ستوونی هەیە، هەروەها باڵی جوڵاوی هەیە کە دەتوانرێت بۆ سەرەوە ئاراستە بکرێت لە کاتی مانۆڕکردندا، یانیش بۆ پێشەوە وەک هەر هێلیکۆپتەرێکی ئاسایی دەجوڵێت، بەپێی میدیاکانی ئوسترالیا .