دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی دوو ئەندامی داعشیان لە سلێمانی راگەیاند

سلێمانی – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ شەممە، بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە شاری سلێمانی دوو چەکداری سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”یان دەستگیرکردووە.

 بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، شەوی 25ی ئابی هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، توانیویانە (س، ئـ، س) و (ف، ح، م) دەستگیربکەن، کە هەردووکیان سەر بە رێکخراوی داعشن و  یەکێک لە چەکدارەکان پێشتر لەنێو ریزەکانی داعشدا بریندارکراوە.

دەزگای ئاسایش ئەوەشیان خستوەتەڕوو، کە پرۆسەی دەستگیرکردنەکان، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا ئەنجامدراوە و گرتەی ڤیدیۆیی دەستگیرکردنەکەیان لە روپەڕی تایبەتی دەزگاکەدا بڵاوکردووەتەوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، “بە فەرمانی دادوەر و بە ماددەی دوو لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دەستگیرکراوەکان راگیراون و رادەستی یاسا کراون.”