جەندرمەی تورکیا دوو کۆچبەری سوریا بریندار دەکەن و نۆی دیکە دەستبەسەر دەکەن
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، ژنێک و لاوێک بە گوللـەی جەندرمەی تورکیا برینداربوون، لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا لە میحوەری شارۆچکەی ئەلمەبروکەوە لە گوندەواری سەرێ کانیێ لە باکووری شاری حەسەکەوە ئاودیووی سنووری بن و بچنە ناو تورکیاوە، جگە لەوەش نۆ کۆچبەری دیکەش دەستبەسەرکران.
سەرچاوەیەکی ناوخۆیی ئاشکرای کرد، فیشەکەکانی جەندرمەی تورکیا ژنە کۆچبەرێکی سوریا، بە ناوی (تەرفە ئەلعەبود تەمەن 41 ساڵ) و گەنجێک بە ناوی (فازیل ئەلشەموری تەمەن 25 ساڵ) بە پلەی جیاواز بریندار بوون، لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا بچنە ناو خاکی تورکیاوە، لە میحوەری شارۆچکەی ئەلمەبروکەوە، لە رۆژئاوای سەرێ کانیێ، باکووری حەسەکە، رۆژئاوای کوردستان.
ئاماژەیان بەوەشکرد، 9 هاوڵاتی سڤیل لەگەڵ بریندارەکاندا دەستبەسەرکراون، دوای ئەوەی دیواری سنووریان بەزاندووە، لەوێشەوە گواستراونەوە بۆ ناوەندی چاودێری بەرامبەر سەرێ کانیێ، وەک ئامادەکارییەک بۆ گواستنەوەیان بۆ ناوەندی دەستبەسەرکردنیان لە ئورفە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، جەندرمەی تورکیا کار بە وەرگرتنی چاپی چاو و پەنجەمۆر و زانیارییە کەسییەکانی دەستگیرکراوەکان دەکات، بۆ ئەوەی نەتوانن جارێکی دیکە هەوڵی چوونە ناو خاکی تورکیا بدەن، لەڕێگەی دەروازەی گرێ سپییەوە بەرەو باکووری سوریا دیپۆرت دەکرێنەوە.
لە ماوەی مانگی ئابی ئەمساڵدا ژمارەی برینداران بە گوللـەی جەندرمەی تورکیا 30 کەسی تێپەڕاند کە 6 یان ژن بوون، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە کۆچبەرانی سڤیل کە هەوڵی پەڕینەوە بۆ ناو خاکی تورکیا دەدەن.