مەزلوم عەبدی ستایشی ئەو دروشمانە دەکات کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لە سوەیدا بەرزکراونەتەوە

ڕەقە – نۆرس پرێس

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە ستایشی ئەو دروشمانەی کرد کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لە سوەیدا وروژێنراون، لەکاتی خۆپیشاندان لە دژی حکومەتی دیمەشق.

نزیکەی هەفتەیەکە ناڕەزایەتییەکان بۆ داواکردنی ڕووخاندنی ڕژێم لە سوەیدا و دەرعا لە باشووری سوریا بەردەوامن.

سەقفی داواکارییەکان بەرزبوونەتەوە بۆ ئەوەی ببێتە سیاسی، و داوای جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254 و جێبەجێکردنی لامەرکەزییەت دەکات.

مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە توێتێکدا رایگەیاند، ئەو دروشمە نەتەوەییانەی لە سوەیدا بەرزکراونەتەوە، دەربڕینی زیندوویی گەلی سوریایە کە هەوڵی گەڕاندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی سوریا و کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و ئازارەکان دەدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دروشمانەی کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەرزکراونەتەوە جەخت لەسەر پێویستی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانە بەردەوامەکان دەکەنەوە.

دوێنێ لە چەند شارێکی سوریا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی سوریا لە باشوور ئەنجامدران.

رۆژی دووشەممەی ڕابردوو، ریاز دەرار هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، ڕایگەیاند، پشتگیری لە بزووتنەوەی جەماوەری و داواکارییەکانی دانیشتووان دەکات بەشێوەیەکی ئاشتیانە، هەروەها ئەنجومەنەکەش جەخت لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە ڕژێمی ستەمکاری کردەوە.

ریاز لە بەیاننامەیەکدا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەدا، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ سەرکردایەتی بزووتنەوەی جەماوەری لە باشووری سوریا، پشتیوانی هەڵوێستەکانیان دەکەین و هانیان دەدەین بۆ بنیاتنانی پڕۆژەیەکی ڕێکخراوەیی کە بەدیلێک بێت بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئاژاوە، بۆ ئەوەی هیچ ڕەنگدانەوەی نەرێنی کاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەکانی دانیشتووان نەبێت.

خۆپیشاندەران لافیتەیان هەڵگرتبوو کە لە بڵاوکراوەکاندا دەرکەوتبوون و داوای لامەرکەزییان دەکرد کە ئەوەش مافێکی یاساییە.

ئامادەکردن وداڕشتنەوە: ئەحمەد عوسمان