تورکیا زیاتر لە 350 پەنابەری سووری لە ڕێگەی دەروازەکانی باکوورەوە دیپۆرت دەکاتەوە

ئەعزاز – نۆرس پرێس

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 350 پەنابەری سوورییان لە ڕێگەی دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە بەرەو ئەو ناوچانە ڕاگواست کە لەلایەن لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە باکوری سوریا کۆنتڕۆڵ کرابوون.

سەرچاوەیەک لە دەروازەی گرێ سپی لە باکووری شاری ڕەقە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 90 پەنابەریان ڕادەستی پۆلیسی سەربازی دەروازەکە کردووە کە لە 14 ژن و منداڵ پێکهاتبوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا ئەو پەنابەرانەی کە دیپۆرتکراونەتەوە لە لەژێر چاودێریدان و لێکولینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

بەپێی سەرچاوەیەک لە دەروازەکەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 215 پەنابەری سورییان لە نێو خاکی خۆیان دەرکردووە و نێردرانە ئیدلیب، کە لەژێر دەسەڵاتی دەستەی تەحریر شام (پێشتر بەرەی نوسرە)دایە، ژمارەیان لە 53 ژن و منداڵ پێکهاتبوون.

ناوبراو بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندووە، پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەکە دوای بردنی سەرجەم بەڵگەنامەکانی دیپۆرتکراوان و پەنجەمۆری جەستەیی و دەستیان بووە بۆ ئەوەی یەکجاری و بۆ هەمیشە نەگەڕێنەوە.

ژمارەی دیپۆرتکراوانی سوریا لە دەروازەکانی گرێ سپی، باب سەلامە و باب هەوا لە باکووری سوریا لەم مانگەدا 12 هەزار و 350 کەسی تێپەڕاندووە، و بەپێی پێشبینییەکانیش لە مانگی داهاتوودا ڕێژەکە بەرزدەبێتەوە، ئەمە بەپێی ئامارە خەمڵێنراوەکان کە لەلایەن نۆرس پرێسەوە لە سەرچاوەکانی دەروازەکانەوە دەستکەوتووە.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوە: ئەحمەد عوسمان