دوو چەکداری مەترسیداری داعش لە کەرکوک دەستگیرکران

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگری و ئاسایشی عێراق دو چەکداری مەترسیداری رێکخراوی داعشی لە پارێزگای کەرکوک دەستگیرکردوە.

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی بەرگری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکوک دو ئەندامی داعشیان دەستگیرکردوە، کە یەکێکیان لە وڵاتێکی دراوسێوە هاتبو کە هەڵگری ناسنامەیەکی ساختە بو، بە مەبەستی چونە ناو پارێزگای کەرکوک و دواتر گەیشتن بە پارێزگای دیالە، بۆ ئەنجامدانی کارێکی تایبەت، بەڵام لەڕێگەی بۆسەیەکەوە لەشاری کەرکوک دەستگیرکرا.

ئاماژەی بەوەشکردوە، چەکداری دوەمیان لە ساڵی 2014وە بەیعەتی بە رێکخراوی چەکداری داعش داوە و برا یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی رێکخراوەکە بوە، لە قەزای لەیلان لە پارێزگای کەرکوک دەستگیرکراوە.

هێزە ئەمنییەکان بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردن و دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەو رێکخراوە ئەنجامدەدەن.

هەرچەندە داعش لە کۆتایی مانگی 12ی ساڵی 2017وە لە عێراقدا کۆتایی پێهێنراوە، بەڵام ناوە ناوە چالاکیی ئەنجامدەدەن و لە بەرامبەریشدا هێزە ئەمنییەکان بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردن و دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەو رێکخراوە ئەنجامدەدەن.