هەولێر-نۆرس پرێس
دەزگای هەواڵگری سەربازیی ئۆکرانیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی بە فرۆکەی بێفرۆکەوان هێرشیکردووەتە سەر نیمچە دورگەی کریما، بەرەبەیانی ئەمرۆش جارێکی بە فرۆکەی بێفرۆکەوان هێرشکرایە سەر مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و بەهۆیەوە گەشتی سێ فرۆکەخانە راگیران.
لێپرسراوانی دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیا ئاشکرایانکردووە، هێرشەکە لیوای 126ی سوپای رووسیای لە کەناری دورگەی کریما کردووەتە ئامانج، کە تەنها 200 کلیۆمەتر دووربووە لە خاکی ژێر دەستی سوپای ئۆکرانیاوە.
بەگوتەی لێپرسراوانی سەربازی ئۆکراین، دانیشتوانی شارۆچکەیەکی نزیک لە هێرشەکان، گوێبیستی زنجیرەیەک تەقینەوە بوون لە نزیکەی بنکەیەکی سەربازی روسیا لە کریما و چەندین کوژراویشی لێکەوتووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سێرگی سوبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند، سیستمی دژە ئاسمانی روسیا، فرۆکەی بێفرۆکەوانی ئۆکراینی لەدەوروبەری مۆسکۆ خستووەتە خوارەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسیا، هێرشکە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە و بەر لەوەی ئامانجەکەی بپێکێت خراوەتە خوارەوە.
ماوەی هەفتەیەکە مۆسکۆی پایتەخی رووسیا، بەشێوەیەکی نیمچە رۆژانە، بووەتە ئامانجی هێرشی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی ئۆکراین، کە لەگەڵ هەموو هێرشەکاندا بۆماوەیەک گەشتی زۆربەی فرۆکەخانەکانی پایتەخی رووسیا راگیراون و ترس و دڵەراوکێیەکی زۆری خستووەتە دڵی دانیشتوانەکەیەوە.