دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 250 پەنابەری سوریی دیپۆرت دەکەنەوە

ئیدلب – نۆرس پرێس

رۆژی هەینی، 25ی ئابی 2023، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 250 پەنابەری سوورییان لە خاکەکەیانەوە بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گروپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆن نزیک لە تورکیا لە باکووری سوریا دیپۆرتکردەوە، لە رێگەی دەروازەکانی تەل ئەبیاد و باب ئەلهەوا.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ” دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 100 پەنابەریان لە زەوییەکانی تورکیاوە رادەستی پۆلیسی سەربازی کرد لە دەروازەی تەل ئەبیاد لە باکووری رەققە، کە 23 ژن و منداڵەکانیان لەنێویاندا هەبووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “هەروەها 150 پەنابەری سوریاش بەرەو ئیدلب دیپۆرتکرانەوە، کە لەژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریر شام (پێشتر بەرەی نوسرە )دایە، لەنێویاندا 39 ژن و منداڵی تێدایە”.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەکە دوای بردنی هەموو بەڵگەنامەکانیان و پەنجمۆری دەستییان بۆ رێگریکردن لە گەرانەوەیان بۆ یەکجارەکی و بۆ هەمیشە، بەبێ ئەوەی خێزانەکانیان ئاگادار بکەنەوە کە لە ناوخۆی تورکیادا دەژین.

سەرچاوە تایبەتەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، ژمارەی دیپۆرتکراوی سوریا لە دەروازەکانی تەل ئەبیاد، باب ئەلسەلامە و باب ئەلهەوا لە باکوری سوریا لەماوەی ئەم مانگەدا، گەیشتە زیاتر لە 12 هەزار پەنابەر.