هەولێر – نۆرس پرێس
نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداری داوە لەوەی شەڕ و برسێتی هەڕەشەی لەناوبردنی بەتەواوی سودان دەکات، ئەوەش لەبەر رۆشنایی ئەو شەڕە توندوتیژانەی کە لە 15ی نیسانەوە لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵداوە.
مارتن گریفیتس، رێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، شەڕی سودان باری نائاسایی مرۆیی بە ڕێژەیەکی زۆر گەورە بەرزدەکاتەوە، ئەم ململانێیە کە خەریکە بەرفراوانتر دەبێت، لەگەڵ دەرئەنجامی برسێتی و نەخۆشی و ئاوارەبونی دانیشتوان، هەڕەشەی ڕوخانی تەواوی وڵات دەکات.
پێشتر رێکخراوی خێرخوازی نێودەوڵەتی ڕزگارکردنی منداڵان رایگەیاندبو، کە لە دوای سەرهەڵدانی ململانێکانەوە نزیکەی 500 منداڵ لە سودان بەهۆی برسێتی گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە مانگی نیسانەوە رێکخراوەکە ناچاربوە 57 شوێنی خۆراک دابخات، ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی 31 هەزار منداڵ بەدەست بەدخۆراکی و نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانەوە دەناڵێنن، چیتر لەوێ خۆراکیان وەرنەگرتوە.
لەو 108 شوێنەدا کە هێشتا کاردەکەن، کەمیی خۆراک و پێداویستی پزیشکی و یەدەگی فریاگوزاری هەیە.