دەستگیرکردنی ئەندامێکی “داعش” لە شاری سلێمانی
سلێمانی – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، بەڕێوبەرێتی گشتیی هەواڵگرى و ئاسایشى سەر بە وەزارەتى بەرگریی عێراق دەستگیرکردنی ئەندامێکى دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”یان لە شارى سلێمانى، هەرێمی کوردستانی عێراق راگەیاند، کە بە گوتەی بەڕێوبەرێتییەکە، لە چەندین کردەوەى “تیرۆریستى” لە ناحیەى جورفلوسەخر لە پارێزگاى بابل بەشدار بووە.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى ئەو ئەندامەى داعشی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەى بەوە داوە کە پرۆسەى دەستگیرکردنەکە بە هاوکاریی بەڕێوبەرێتی ئاسایشى پارێزگای سلێمانى بووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگرى و ئاسایشى سەر بە وەزارەتى بەرگریی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ئەو ئەندامەى دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لەنێوان ساڵانى 2010 بۆ 2014 لە چەندین کارى “تیرۆریستى”دا تێوەگلاوە کە لە ناحیەى جورفولسەخر ئەنجامیداوە و لەلایەن دادگاى حلەى ناوەندى پارێزگاى بابلەوە بە گوێرەی مادەى چوارى یاساى بنەبڕکردنى تیرۆر فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرکراوە.
مادەى چوارى یاساى بنەبڕکردنى تیرۆر تایبەتە بە بەشداریکردن لە کردەوەی تیرۆریستى و داڵدەدانى تیرۆریستان و سزاکەى لەنێوان بەندکردنی تاهەتای تا سزای لەسێدارەدانە.