واشنتن ڕاستی جموجۆڵە سەربازییەکان لە ناوخۆی عێراق ئاشکرا دەکات

هەولێر- نۆرس پرێس

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، جموجۆڵە سەربازییەکان لە ناوخۆی عێراق بەشێکە لە ئاڵوگۆڕی ئەو هێزانەی کە لە وڵاتەکەدا دەکرێن.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە پێشوازیی کرد لە ئالینا رۆمانەوسکی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە عێراق و لە میانی کۆبونەوەکەشدا گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندیەکانی واشنتن و بەغدا کرد.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبونەوەکەدا باس لە بەرزکردنەوەی هاوکاری هاوبەش لە بوارەکانی ئابوری و گەشەپێدان لە ژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی کرا بە شێوەیەک کە سودی بۆ بەرژەوەندییەکانی دو وڵاتی دۆست هەبێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، کۆبونەوەکە تایبەت بوە بە باسکردنی کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، کە لە نیوەی دوەمی مانگی داهاتودا بەڕێوەدەچێت، هەروەها ئەو چالاکییە جۆراوجۆرانەی لە میانی ئەو کۆبونەوانەدا ئەنجام دەدرێن.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، عێراق بەشداری لە بۆنە سیاسییەکان و لە چوارچێوەیەکی فرەلایەنەدا دەکات، ئەمە جگە لەوەی کۆبونەوەی زۆر لەسەر ئاستی دولایەنە ئەنجامدەدات.

لای خۆیەوە باڵیۆزی ئەمریکا لەبارەی دەنگۆی جموجوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوخۆی عێراقدا ڕونیکردەوە، کە ئەو جموجوڵانە بەشێک بون لە ئاڵوگۆڕی هێزەکان لە وڵاتەکەدا.

باڵیۆزی ئەمریکا بە توندی پەیوەندی ئەو هەنگاوە سەربازییانەی بە ناوخۆی عێراقەوە رەتکردەوە و جەختی لەسەر پەرۆشی حکومەتی ئەمریکا بۆ بەردەوامبون لە هاوکارییەکان و پەرەپێدانی بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ عێراقدا کردەوە.