مێسی لەسەروو چاوەڕوانییەکانەوە.. نزیکە لە بەدەستهێنانی نازناوی دووهەم بۆ ئینتەرمیامی
ژووری وەرزش – نۆرس پرێس
یانەی ئینتەرمەیامی کە پێش هاتنی لیۆنێل مێسی و هەردوو هاورێی پێشووی سێرجیۆ بۆسکێتس و جۆردی ئەلبا، یازدە یاری لەسەر یەک دۆڕابوو، دوای هاتنی مێسی بەردەوامە لە تۆمارکردنی نازناو لە دوای نازناو.
یانەکە بە بردنەوەی جامی خولەکان راستەوخۆ گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئەمریکا و لە یارییەکی یەکلاکەرەوەدا بووە میوانی سینسیناتی پێشەنگی خولی ئەمریکی، کە دوای یەکسانبوون بە 3-3 لە کاتی ئاسایی و دوو گێمی زیادکراودا، لیۆ و هاوڕێکانی بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە ئەنجامی 5-4 یارییەکەیان بردەوە و خۆیان گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
سینسیناتی گۆڵێک پێشکەوت، کاتێک لوسیانۆ ئاکۆستا لە خولەکی 18 توانی تۆڕی ئینتەرمەیامی بهەژێنێت و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی خاوەن ماڵ بە گۆڵێک کۆتاییهات.
لە دەستپێکی نیوەی دووەمدا و دوای تێپەڕبوونی 8 خولەک، براندۆن ڤاسکێز گۆڵی دووەمیشی کرد و ئەرکی مەیامی زۆر قورس کرد، بەڵام مێسی و هاوڕێکانی خۆیان بەدەستەوە نەدا و کامپانا بە دوو ئاسیستی مێسی لە خولەکەکانی 68 و خولەکی حەوتەمی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا دوو گۆڵی بۆ مەیامی تۆمارکرد و یارییەکە گەیشتە دوو گێمی زیادکراو.
تەنیا سێ خولەک دوای دەستپێکردنی گێمی یەکەمی زیادکراو، جۆزێف مارتینێز گۆڵی سێیەمی تیپی میوانی تۆمارکرد، بەڵام یویا کوبۆ لە خولەکی 114ـدا گۆڵی سێیەم و یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی بۆ یانەی سینسیناتی تۆمارکرد و یارییەکە گەیشتە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، کە مێسی و هاوڕێکانی هەر پێنج لێدانی خۆیان گۆڵکرد، بەڵام سینسناتی یەکێکیانی گۆڵ نەکرد و بەمجۆرە مێسی و ئەنتەرمیامی سەرکەوتن بۆ ئەنجامدانی یاری کۆتایی.
ئینتەرمەیامی لە یاریی کۆتاییدا، کە بڕیارە رۆژی 27ـی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری یانەی هیۆستن دەکات، کە ئەویش لە قۆناخی پێش کۆتاییدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی سالت لەیکی میوانداری بردەوە.
میامی دوای ئەوەی لیۆنێل مێسی پەیوەندی بە ریزەکانییەوە کردووە لە هەشت یارییدا تووشی هیچ شکستێک نەبووە و بوونەتە پاڵەوانی جامی خولەکان، کە 47 یانەی ئەمریکی و مەکسیکی بەشدارییان تێداکرد و ئێستاش هەنگاوێک دوورە لە بەدەستهێنانی نازناوی دووهەم بۆ یانەکەی.