دابەشکردنی سوتەمەنی لە حەسەکە و قامشلۆ دەستیپیکرد
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوو بەرپرس لە لیژنەی سووتەمەنی قامشلۆ و حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند، کە دەستیان کردووە بە دابەشکردنی نەوت، لە هەردوو شارەکە و گوندەوارەکانیان، بەپێی ئەو نرخە نوێیەی کە لەلایەن بەڕێوبەری خۆسەریەوە دانراوە.
نرخی سووتەمەنی لە ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەر، لە دوای 16ی تەمموزەوە بەرزبووەوە و رێژەی بەرزکردنەوەکە بۆ هەندێ جۆری سوتەمەنی گەیشتە زیاتر لە سەداسەد.
فریال ئیبراهیم، هاوسەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی لە قامشلۆ بۆ نۆرس پرێس روونیکردەوە، “پێنج رۆژ پێش ئێستا دەستکرا بە دابەشکردنی نەوت بەسەر دانیشتوانی گوندی تەنوورییەدا، تا دەگاتە تەواوی شاری قامشلۆ”.
ئیبراهیم باسی لەوەشکرد، نەوت بە نرخی 350 لیرەی سوری بۆ هەر لیترێک دابەشدەکرێت، هەروەها هەر کارتێکی خێزانیش 300 لیتر نەوتی بۆ تەرخان دەکرێت، بەپێی قسەکانی.
هاوسەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی نەوتی گەرمکەرەوەی ئەمساڵی گەڕاندەوە بۆ دەستکاریکردن لە کارتەکانی تەرخانکراودا بۆ دابەشکردنی.
لە لایەکی ترەوە، فەرهاد دەروێش، کارگێڕ لە لیژنەی سووتەمەنی لە حەسەکە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، دەستیانکردووە بە دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە رێگەی کارتی لەیزەرییەوە، روونیشیکردەوە، پشکی هەر کارتێک 300 لیترە و بە نرخی 325 لیرە بۆ هەر لیترێک دابەشدەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا دابەشکردن لە شارۆچکەی سەفیا و گوندەکانی سەر بە شارۆچکەی سەفیا بەڕێوەدەچێت، هەروەها پرۆسەی دابەشکردنەکە لە شاری حەسەکە دەستبەجێ دوای تەواوبوونی گوندەوارەکەی و بەپێی بەردەستبوونی سوتەمەنی دەستپێدەکات، بە گوتەی کارگێڕەکە .
دوێنێ لیژنەی سوتەمەنی شارۆچکەی دەرباسییە لە گوندەواری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان دەستیان کرد بە دابەشکردنی سووتەمەنی بەسەر دانیشتوانی شارەکە و گوندەوارەکەیدا.