“دروستبوونی گومان” .. فەرەنسا لێدوان لەبارەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی پریگۆژین دەدات
هەولێر – نۆرس پرێس
ئۆلیڤیێر فێران، وتەبێژی حکومەتی فەرەنسا، ئەمرۆ پێنجشەممە رایگەیاند، “دۆخی” کەوتنەخوارەوەی فرۆکەکە یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی ڤاگنەر ، “گومانی جددی” دروستدەکات.
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن پێیوابوو کە “شتەکان بە دەگمەن لە رووسیا روودەدەن بەبێ ئەوەی سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پوتین لە پشتیانەوە بێت”، ڤێران لە وەڵامی پرسیارەکانی کەناڵی تەلەفزیۆنی گشتی “فەرەنسا 2” وتی: “ئەمە لە بنەرەتدا راستییەکە”. کە دەتوانرێت بناسرێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هێشتا نازانین ئەو بارودۆخە چییە کە ئەم رووداوە تێیدا روویداوە، دەتوانین گومانی جدیمان هەبێت”.
فێران لە رووداوەکەدا بە راشکاوی پەنجەی ئاراستەی کرێملین نەکرد، کە بەهۆیەوە 10 کەس گیانیانلەدەستدا، لەنێویاندا پریگۆژین و یاریدەدەرەکەی.
جەختی لەوە کردەوە کە “پریگۆژین کۆمەڵکوژی بەجێدەهێڵێت، ئاژاوە لە بەشێکی زۆری جیهان بەجێدەهێڵێت، ئەفریقا و ئۆکرانیا و خودی رووسیاش دێنە مێشکمەوە”.
پێشنیوەڕۆی رۆژی 23ی ئابی 2023 فڕۆکەیەک کە لە مۆسکۆوە بەرەو سەینت پیتەرسبۆرگ بەڕێکەوتبوو، کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا. میدیای نزیک لە ڤاگنەر پێشتر رایگەیاندبوو، سەرۆکی ڤاگنەر “بەهۆی کردەوەکانی خیانەتکارانی رووسیاوە کوژراوە.”
گیانلەدەستانی پریگۆژین لەکاتێکدایە، حوزەیرانی ئەمساڵ یاخیبوونی سەربازیی لە دژی مۆسکۆ راگەیاند. 10 هەزار چەکداری گروپەکە بەرەکانی پێشەوەی جەنگی ئۆکراینایان جێهێشت و بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوتن، شاری رۆستۆڤیان کۆنترۆڵکرد و تاوەکو 200 کیلۆمەتر لە مۆسکۆ نزیکبوونەوە.