پێکدادانی توند لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و دەستەی “تەحریرشام” لە گوندەواری حەڵەب
ئیدلیب– نۆرس پرێس
درەنگانی ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، هێڵەکانی بەرکەوتن لە رۆژئاوای حەڵەب، پێکدادانیان بە چەکی قورس لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو)یان بەخۆوە بینی، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەڵکشانی سەربازی لە ناوچەکەدا بوونی هەیە.
سەرچاوە سەربازییەکان لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، ناوچەکانی فەوجی 46 و کفرعەمە لە رۆژئاوای حەڵەب، شایەتی پێکدادانێکی توندوتیژ بوون بە چەکی قورس لە نێوان هێزەکانی حکومەت و دەستەی تەحریشامدا، دوای چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی هێزەکانی حکومەت لە لایەن تەحریرشامەوە لە ناوچەکەدا.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێکدادانەکە زیاتر لە دوو کاتژمێر و نیو بەردەوام بووە، بەبێ ئەوەی باس لە زیانی گیانی لە نێوان هەردوولادا بکرێت، کە ئاڵوگۆڕی تۆپباران لە میحوەرەکانی چیای زاویە لە باشووری ئیدلب، لە نێوانیاندا هەبووە.
دوو رۆژ لەمەوبەر هێزەکانی تورکیا پاڵپشتی سەربازی و کەرەستەی لۆجستی و سەربازییان رەوانەی ناوچەی کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان کرد لە باکووری رۆژئاوای، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەڵکشانە سەربازییەکان لەنێوان هەردوو لایەنی ململانێکەدا لە ناوچەکە بوونی هەیە.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سوریا، هەڵکشانی سەربازی و بۆردومانی توندی دوو لایەنەی نێوان دەستەی تەحریرشام و هێزەکانی رژێمی سوریایان بەخۆوە بینیوە و فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیاش لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا بۆردوومانەکانیان لەو ناوچانە چڕتر کردووەتەوە.