ئەمڕۆ وەزیری وزەی تورکیا دێتە هەرێمی کوردستان

هەولێر – نۆرس پرێس

وابڕیارە پاش کەمێکی دیکە وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا بگاتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پرسی دۆسیەی نەوتی کوردستان تاوتوێ بکەن، ئەوەش دوای ئەوەی دو رۆژ لەمەوبەر لەگەڵ وەزیری نەوت و شاندێکی عێراق کۆبوەوە و نەگەیشتنە رێککەوتن.

هاتنی وەزیری وزەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدایە کە دوێنێ شەو هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە هەرێمی کوردستان و بڕیاریشە ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا رۆژی 22ـی ئەم مانگە لە تورکیا لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە و پێکەوە دەربارەی هەناردەی نەوت گفتوگۆیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، دوای پشکنین و چاککردنەوەی بەشێكی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا کە دوای بوومەلەرزەکان لە 6ی شوباتی 2023 زیانی بەرکەتبوو، “گرنگە هەناردەی نەوت لە زووترین کاتدا دەستپێبکاتەوە”.