هەولێر- نۆرس پرێس
عێراق لە مانگی رابردوودا زیاتر لە 106 ملیۆن بەرمیل نەوتی ھەناردە کردووە و داھاتەکەشی زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق کۆی ھەناردە و داھاتی نەوتی بۆ مانگی تەمموز بڵاوکردەوە و بە پێی داتاکانی کۆمپانیای سۆمۆ لە کێلگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشور زیاتر لە 105 ملیۆن بەرمیل و لە کێلگەی گەیارە زیاتر لە 922 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە کراوە.
بڕی نەوتی ھەناردەکراویش لەو مانگەدا بۆ ئوردن گەیشتووەتە 344 ھەزار و 804 بەرمیل.
بە پێی داتاکانی سۆمۆ، تێکڕای بەرمیلێک نەوت بە 78 دۆلار و 33 سەنت فرۆشراوە، کۆی داھاتەکەشی هەشت ملیار و 330 ملیۆن و 475 ھەزار دۆلار بووە.
ھەروەھا نەوتی ھەناردەکراو لە لایەن 40 کۆمپانیای جیھانی جیاوازەوە لە بەندەرەکانی بەسڕە و جەیھانی تورکی و کۆگاکانی نەوت لە کەرکوک بە تانکەر بارکراوە.