فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا سەردانی کەمپەکانی هۆڵ و ڕۆژ دەکات

هەولێر- نۆرس پرێس

جەنەراڵ مایکڵ ئێریک کوریلا، فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا سەردانی کەمپەکانی هۆڵ و ڕۆژی کرد لە سوریا کە خێزانی داعشی تیادا دەستبەسەرن و لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی هەسەدە دایە.

سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوەکردوە، لە 21ی ئەم مانگەدا جەنەراڵ مایکڵ ئێریک کوریلا، فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا ئەو گەشتەی ئەنجامداوە و مەبەستی کۆبونەوە بوە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی کەمپەکان و دانیشتوان، تاوەکو لە نزیکەوە هەڵسەنگاندن بکردێت بۆ بارودۆخی مرۆیی ئێستای کەمپەکان و باشترکردنی بەردەوامی ئاسایشی کەمپەکان و گێڕانەوەی خەڵکەکە بۆ وڵاتی خۆیان.

جەنەراڵ کوریلا باسی لەوەکردوە، “هەوڵە بەردەوامە فرەنەتەوەییەکانمان بۆ گەڕاندنەوەی دانیشتوانی کەمپەکان بۆ وڵاتانی خۆیان نەک تەنها ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە باشتردەکات، بەڵکو لەوەش گرنگتر ئەم قەیرانە مرۆییە کەمتر دەکاتەوە.

باسی ئەوەشکرد، ئەمریکا، هێزەکانی هەسەدە و هاوپەیمانی جیهانی بەردەوامن لەسەر شکست پێهێنانی هەمیشەیی داعش، لە هەمان کاتدا ڕوبەڕوی ئاستەنگە مرۆیی و ئەمنییەکان دەبنەوە لە کەمپەکانی  ڕۆژئاوای کوردستان.

بەگوێرەی ئامارەکان، لە ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە 57 هەزار ژن و منداڵی خێزانەکان داعش هەن، کە لە کەمپ و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا دانراون، 65%یان منداڵن کە 37 هەزار کەسی بیانی لە 60 وڵاتی جیاوازەوە هاتون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ساڵی 2022وە 887 منداڵ و ژنی داعش ڕادەستی وڵاتەکانیان کراون کە 667 یان منداڵن.