بەهۆی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە.. رۆژانە زیاتر لە 200 نەخۆش دەهێنرێنە نەخۆشخانەی تەبەقە
تەبەقە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، پزیشکێک لە نەخۆشخانەی تەبەقە لە رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، نەخۆشخانەکە رێژەیەکی مەترسیداری نەخۆش بەخۆوە دەبینێت، کە دەکاتە نزیکەی 200 حاڵەت لە رۆژێکدا، کە زۆربەیان نیشانەکانی خۆربردنیان هەیە.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ماوەی ڕابردوودا بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو نەخۆشانەی کە تووشی خۆربردن بوون و لە ئەنجامدا گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەهۆی شەپۆلی گەرمای بێ وێنەوە لە ناوچەکەدا.
محمد العیسا، پزیشکی بەشی ناوخۆی نەخۆشخانەی تەبقە رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی شەپۆلەکانی گەرماوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک توشی خۆربردن و بەرکەوتن بە گەرما بوون.
ئاماژەی بەوه شدا، ئه و ژمارەی رۆژانه لەلایەن نه خۆشخانەکەوە تۆمارکراوە گەیشتووەتە 200 منداڵ و نزیکەی 20 گەورە، کە نیشانەکانی خۆربرند و ئاڵۆزیەکانی وەک ژەهراویبوون و بەرکەوتن بە گەرمایان پێوە دیارە، ئەمە جگە لە حاڵەتە فریاگوزارییەکانی تر.
ئەلعیسا پێی وابوو بەهۆی کەمی ئاوی خواردنەوەوە ژمارەی تووشبووان زیاد دەکات، ئەمەش وا دەکات دانیشتووان رووبەڕووی پلەی گەرمی بەرز ببنەوە، هەروەها پشتبەستنی دانیشتووان بە ئاوی پیسی تانکەرەکان، دەبێتە هۆی ژەهراویبوونیان.
ئەو پزیشکە داوای کرد کە خۆربردن و گەرمابردن بە کەم نەزانرێت، بەهۆی کاریگەری توندیان لەسەر جەستە، گوتیشی “پێویستە رێوشوێنی تەندروستی پێویست بگیرێتەبەر پێش تووشبوون و لەکاتی تووشبووندا”.