بە بیانووی نەدانی “زەکات”.. شانەکانی “داعش” بەنزینخانەیەک لە دێرەزوور دەسوتێنن
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، شانەکانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ئاگریان لە بەنزینخانەیەک بەردا، بە بیانووی ئەوەی خاوەنەکەی رەتیکردوەتەوە “زەکات” بدات بەو رێکخراوە، لە ناوچەکانی گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا.
سەرچاوەیەکی خۆجێی لە شارۆچکەی ئەلتیانە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوورەوە رایگەیاند، ئەندامانی داعش ئاگریان لە وێستگەی سووتەمەنی “القممە” بەرداوە، کە خاوەنەکەی کەسێکە بە ناوی “ئەبو نور”، لەسەر رێگای سەرەکی شارۆچکەی ئەلتیانە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، ئاگرەکە بووەتە هۆی سووتانی تەواوەتی بەنزینخانەکە.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامانی رێکخراوەکە چەند جارێک هەڕەشەیان لە خاوەن وێستگەکە کردووە بەهۆی ئەوەی رەتیکردووەتەوە “زەکات” بدات بە رێکخراوەکە، تا ئەمجارەیان بەنزینخانەکەیان سوتاند.
خاوەنی وێستگەکە خەڵکی شارۆچکەی ئەلقوریەیە، کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەتدایە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور و لەگەڵ خێزانەکەی لە شارۆچکەی ئەلتیانە دەژی، لە ترسی لێپێچینەوەی ئەمنی لە ناوچەکەی خۆی هەڵهاتووە.
شانەکانی داعش لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور چالاکن و ناو بەناو داوای زەکات لە بازرگانەکان دەکەن و زۆریان ناچار دەکەن بە دانی، لە ترسی زیانگەیاندن بە خۆیان و ماڵ و موڵکەکانیان.