تورکیا هێزی زیاتر دەنێرێتە ئیدلب و رووسیا هێرشەکانی چرتردەکات

ئیدلب – نۆرس پرێس

سوپای تورکیا هێز و کەرەستەی سەربازی و لوجیستی زیاتری رەوانەی ناوچەکانی “کەمکردنەوەی ئالۆزییەکان” کرد. هاوکات لە هەمان ناوچە فرۆکەکانی رووسیا بە چری بنگە و بارەگەکانی بەرەی نوسرە لە ئیدلب بۆوردمان کرد، لە ئەنجامدا 17 ئەندامی بەرەی نوسرەکوژران.

سەرچاوە سەربازییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، دوو کاروانی سەربازیی هێزەکانی تورکیا کە زیاتر لە 50 ئۆتۆمبێلی سەربازی و لۆجستی و زرێپۆشیان لەخۆیان گرتبوو، لە رێگەی دەروازەی سنووری کفر لوسینەوە چوونەتە ناو خاکی سوریا و بەرەو خاڵەکانی توورکیا لە باشوری ئیدلب بەرێکەوتن.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە کاروانە سەربازییەکەی تورکیا لە  25 زریپۆش لەگەڵ زیاتر لە 10 بارهەڵگر کە چەکی جۆراوجۆر و قورسیان هەڵگرتووە پێکدەهات، کە ئەمە دووەم ناردنی کاروانی سەربازییە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر.

ناردنی هێزی زیاتر لەلایەن تورکیاوە بۆ ناوچەکانی پارێزگەی ئیدلب هاوکاتبوو لەگەڵ نوێبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا بۆ سەر دەوروبەری گوندی عەین شەیب لە رۆژئاوای شاری ئیدلب و دەوروبەری گوندی موسەیبین لە ناوچەی جەبەل ئەربەعین لە باشووری ئیدلب.

بەگوێرەی قسەی سەرچاوەکان، لە ئەنجامی بۆردومانەکانی رووسیادا، وێستگەی ئاوی عەین شەیب تێکشکا، هەروها دوو هاوڵاتی سڤیل کوژران و پێنجی دیکە برینداربوون کە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەن.

دوێنێ سێشەممە، فرۆکە جەنگییەکانی رووسیا سێ هێرشی ئاسمانییان کردە سە گوندەکانی باتینتا و شێخ بەحر، لە نزیک شاری مەعرەت میسرین لە باکووری ئیدلب.

لەوباریەوە،  ڤادیم کۆلێت، جێگری بەرپرسی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا، رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی هێزی ئاسمانی رووسیا بۆ سەر بارەگای بەری نوسرە لە گوندی فیلۆنن (٤ کم لە باشووری رۆژئاوای ئیدلب) 17 چەکدار کوژران، کە لە نێویاندا فەرماندە و سەرکردەی بەری نوسرا هەن.