هەولێر – نۆرس پرێس
بە درێژایی مێژوو تەنها 3 وڵات لەسەر مانگ نیشتوونەتەوە، ئەوانیش رووسیا و ئەمریکا و چین بوون، لەکاتێکدا ئەم دووەمیان بەتەنها تا ئێستا سەرکەوتوو بووە لە گەیشتن بە دیوە تاریکەکەی، ئامانجێک کە هیندستانیش هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات.
وردەکارییەکانی ئەرکەکە
لە ناوەراستی مانگی تەمموزدا هیندستان کەشتییەکی بێ سەرنشینی خستە خوارەوە بۆ ئەوەی لەسەر مانگ بنیشێتەوە.
موشەکەکەی چاندرایان-3 لە شاری سریهاریکۆتا لە ویلایەتی ئەندرە پرادێش لە باشووری وڵاتەکەیەوە بەرزبووەوە و چەپڵەی هەزاران کەسی ئارەزومەندی بۆشایی ئاسمانی لێدا.
پێشتر نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان رایگەیاندبوو، “ئەو ئەرکە هەڵگری هیوا و خەونەکانی نەتەوەکەمانە”.
هەوڵە نوێیەکەی چاندرایان دوای چوار ساڵ دێت لە شکستی ئەرکەکەی پێشوو، دوای ئەوەی تیمەکەی سەر زەوی پەیوەندییان لەگەڵ پشکنەرەکە لەدەستدا دوای ئەوەی لەسەر مانگ نیشتنەوە.
هیندستان لە رێکەوتێکدایە لەگەڵ مێژوودا
وەک ماڵپەری “سکای نیوز”ی بەریتانی رایگەیاندووە، هیندستان ئەمرۆ لە رێکەوتێکدایە لەگەڵ مێژوودا.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دەستکەوتێکی مێژوویی دەبێت، نەک تەنها بۆ بەرنامەی بۆشایی ئاسمانی هیندستان، بەڵکو بۆ هەوڵەکانی مرۆڤایەتیش بۆ گەران بەدوای گەردووندا، چونکە چاندرایان-3 هەوڵدەدات لەسەر جەمسەری باشووری مانگ بنیشێتەوە”.
گرنگی نیشتنەوەی لەسەر جەمسەری باشووری مانگ چییە؟
گرنگی یەکەمی لەوەدایە کە تا ئێستا تەنها یەک وڵات سەرکەوتوو بووە لە گەیشتن بە “لایەنی تاریک”، ئەویش چینە و لە ساڵی 2019 بوو.
سەختی ئەو ئەرکە لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا دەرکەوت کاتێک کەشتییەکی ئاسمانی رووسی لەکاتی هەوڵدان بۆ ئەو کارە کەوتە خوارەوە.
پێدەچێت کانییەکانی جەمسەری باشوور سەهۆڵی ئاویان تێدایە، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی بنکەیەکی داهاتوو لەسەر مانگ، کە ئەمەش رێگە بە کەشتیوانان و زاناکان دەدات بۆ ماوەیەکی درێژ لەوێ کاربکەن.
ئاژانسەکانی بۆشایی ئاسمان، لەنێویاندا ناسا، پێشتر سەهۆڵی ئاویان لە کانییەکانی جەمسەری باشووری مانگدا دۆزیوەتەوە، بەڵام لە راستیدا هیچ وڵاتێک خۆی نەخستۆتە ناو ناوچەکە.
شارەزایانی هیندستان پێیان وایە ئەو گۆرانکاریانەی کە لە چاندرایان-3دا کردوویانە، وا دەکات کە پیشەسازییەکە لە دۆخێکی باشدا بێت بۆ رووبەرووبوونەوەی ئاستەنگەکان.