ئێران پێشکەوتوترین درۆنی دروست کردووە

هەولێر- نۆرس پرێس

تۆڕی هەواڵی CNN، رایگەیاند، ئێران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دروستکردووە کە توانای فڕینی هەیە بۆ ماوەی 24 کاتژمێری بەردەوام.

ئەمڕۆ سێشەممە بەپێی تۆڕی هەواڵی CNN، دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان دروستکردووە بە ناوی “موهاجیر 10” کە توانای فڕینی هەیە بۆ ماوەی 24 کاتژمێری بەردەوام و مەودای فڕینی دەگاتە دوو هەزار کیلۆمەتر (1240 میل).

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە مەراسیمێکدا کە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران و فەریق محەمەد رەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی ئێران ئامادەی بوون، پەردەیان لەسەر لادا، هەروەک تۆمارێكی ڤیدیۆیی درۆنەکە لە میدیای فەرمی وڵاتەکەدا بڵاوکراوەتەوە و تێیدا گرتە ڤیدیۆییەکانی هەڵفڕین و نیشتنەوەی درۆنەکە، خرانەڕوو.

ئێران بە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دادەنرێت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و زیاتر لە 400 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەردوو جۆری ناسراو بە ناوەکانی “شەهید” و “موهاجیر”ی بۆ روسیا دابین کردووە، کە لە سەروبەندی هێرشی سەربازیی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئۆکرانیا، بەکارهێنراون.

هەروەها لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا هۆشدارییاندا روسیا هەنگاو بەرەو بنیاتنانی کارگەیەکی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەنێت لە وڵاتەکەیدا بە هاوکاری ئێران، ئەوەش کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر جەنگەکەی دژ بە ئۆکرانیا.

ئاژانسەکە باس لەوەش دەکات، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەکارهێنراون، لەوانەش گروپە چەکدارەکانی یەمەن، عێراق، سوریا و لوبنان.