رێکاری نوێی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ فرۆشتنی دۆلار دەگرێتەبەر

هەولێر- نۆرس پرێس

بانکى ناوەندیى عێراق رێکارێکى نوێ دەگرێتەبەر بۆ فرۆشتنى دۆلار کە دەبێت کڕیارى دۆلار لەگەڵ پێشکێشکردنى داواکارییەکەیدا، وێنەیەکى بگیرێت.

 ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە رێگرى بکرێت لەوەى کەسێک لە برى کەسێکى دیکە دۆلار لە بانکەکە بکڕێت.

بەگوێرەى نووسراوێکى بانکى ناوەندى کە لە 17ـى ئابى 2023، ئاراستەى سەرجەم ئەو بانک و کۆمپانیایانە کراوە کە مامەڵەى دۆلاریان لەگەڵیدا هەیە، ئاماژەى بەوە داوە سیستمێکى نوێ بۆ سەکۆى ئەلیکترۆنى دادەنرێت کە لەکاتى پێشکێشکردنى داواکاریى کڕینى دۆلار، دەبێت وێنەیەکى “خێرا”ـى لە کاتى تۆمارکردنى داواکارییەکەدا لە سەکۆیەک بگرێت، لەگەڵ کاتى کڕینى دراو لە قۆناخى ناردنى بەڵگەنامەکان لە رێگەى ئەو سەکۆیەوە.

بانکى ناوەندى داواى لە بانکەکان کردووە، کامێرایەکى گونجاو دابنێن کە قەبارەى وێنەکانى لە (720 p HD) کەمتر نەبێت و ببەسترێت بە ئامێرى کۆمپیوتەرى تەرخانکراو بۆ تۆمارکردنى داواکارییەکانى گۆڕینى دۆلار لە سەکۆى ئەلیکترۆنى.

رۆژانە بانکى ناوەندیى عێراق لە رێگەى سەکۆیەکى ئەلیکترۆنییەوە داواکاریى کڕینى دۆلار لە بانک و کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو وەردەگرێت و دۆلاریان بە نرخى فەرمى پێ دەفرۆشێت، کە 1310 دینارە بەرامبەر یەک دۆلار.

ئەو هەنگاوە بۆ بەرزکردنەوەى بەهاى دینارە بەرامبەر بە دۆلار، کە ئێستا نرخى یەک دۆلار لە بازاڕى نێوخۆیی لە سەرووی 1500 دینارە.