هەولێر- نۆرس پرێس
رێکخراوی Great Whale Conservancy کە تایبەتە بە پاراستنی نەهەنگەکان لە ئێستادا سەرقاڵی گەڕانە بەدوای “پاشماوەی نەهەنگ”، بەو پێیەی خۆراکە ماددەیەکی زۆر باشە بۆ روەکەکان کە هۆکارن لە روبەروبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا لە رێگەی هەڵمژینی بڕێکی زۆری دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی بەرگە هەوای زەوی و دابینکردنی نیوەی ئۆکسجینی هەسارە.
بەپێی تۆڕی هەواڵی cnn، مایک فیشباک، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوەکە رایگەیاند، پاشماوەی نەهەنگ زۆر بەسودە بەو پێیەی ماددەکانی فسفۆڕ، ئاسن و نایترۆجین و زۆری دیکە لەخۆدەگرێت کە لەگەڵ خۆراکە ماددەکانی دیکەی قوڵایی نێو دەریا و زەریاکاندا یەکدەگرێت و دەبێتە خۆراکی روەک و زیندەوەرەکانی دیکە.
ئاشکراشی دەکات، ئەم پاشماوەیە بە تەواوی مانا رۆڵی بزوێنەری ژیانی نێو دەریا و زەریاکان دەگێڕێت، هەروەک سەرەنجام دەبێتە هۆی دابینکردنی نیوەی ئۆکسجینی گۆی زەوی.
مایک فیشباک، نمونەی پاشماوە کۆکراوەکان دەنێرێت بۆ تاقیگەکان تاوەکو پێوانەی خۆراکە ماددەکانیان بکات و رێژەی پلاستیکیان تێدا دیاری بکات بە مەبەستی زانینی کاریگەریی پیسبونی ژینگەی دەریا و زەریاکان لەسەر ئەو زیندەوەرانە.