هەولێر- نۆرس پرێس
حکومەتی عێراق بێدەنگی خۆی سەبارەت بە ڕاپۆرتەکانی جموجوڵە نهێنییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق شکاند و رەتیکردەوە کۆکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا بوونی هەبێت.
خالد یاقوبی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی رایگەیاند، زانیاری زۆر لە میدیاکان لەبارەی کۆکردنەوەی هێز بڵاوکراونەتەوە، لەراستیدا کۆکردنەوەی هێز بوونی نیە بەڵکو ئاڵوگۆڕکردنی هێزەکانە کە لە بەغدا ئامادەن.
ئەو راوێژکارەی سودانی باسی لەوەکرد، سەرکردە عێراقییەکان لە دانوستانەکانیان لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا سەرنجیان لەسەر پاراستنی سەروەری عێراق بووە، لە دانوستانەکانی واشنتندا هەموو داواکارییەکیان بەدەستهێنا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەغدا و واشنتن ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ فڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچە ئەمنییەکان بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراق، هەروەها رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی سەربازی لەنێوان هەردولا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەی داعش.
وتەکانی راوێژکاری ئەمنی سودانی لە کاتێکدایە ماوەی هەفتەیەکە هەواڵی جوڵەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەنێو خاکی هەرێم و عێراق بڵاودەکرێتەوە، سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق زانیارییان لەبارەی جوڵەپێکردنی بەشێک لە یەکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەکانی عەین ئەسەد لە پارێزگاکانی ئەنبار و هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە لە میدیا ناوخۆییەکان و سۆشیال میدیاکانی عێراقدا سەبارەت بە جوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا بڵاودەکرانەوە.
بەگوێرەی هەواڵەکان، واشنتن بەنیازە ناوچەی سنوری نێوان عێراق و سوریا پاک بکاتەوە و هێرش بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نەتەوە جیاوازەکان ئەنجام بدات کە لایەنگری ئێران دەکەن.