تەحریر شام دوو چەکداری بیانی ڕادەستی تورکیای کرد
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دەستەی تەحریر شام کە پێشتر بەرەی نوسرە بوو، دوو چەکداری بیانی کە یەکێکیان عێراقی بوو و ئەوی دیکەیان ئێرانی بوو، لە ڕێگەی دەروازەی باب هەوا لە باکووری ئیدلیب، ڕادەستی دەزگای هەواڵگری تورکیای کرد.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، دەستەی تەحریر شام بە نوێنەرایەتی مغیر بداوی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەبو لەیس ئەنباری ڕادەستی دەسەڵاتدارانی تورکیای کردووە، ئەنباری مانگی حوزەیرانی 2022 وە لە شاری ئیدلیب دەستبەسەر کرابوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەبو ئیسحاق ئیرانی سەر بە شەباب ئەهلی سوننەیە لە ئێران، کە پێشتر سەر بە بەرەی نوسرە بووە، لە ڕێگەی دەروازەی باب هەوا لە باکوری ئیدلیب ڕادەستکراوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا، کە ئەنباری یەکێک بووە لە سەرکردەکانی پێشووی قاعیدە دوای ململانێ ناوخۆییەکانی قاعیدە جیابووەتەوە، ئەنباری ڕاهێنەرێکی سەربازی بووە ڕاهێنانی بە ئەندامانی یەکێک لەگروپەکانی بەرەی نوسرەی پێشوو کردووە.
دەزگای ئاسایشی گشتی تەحریر شام پێشتر دەیان سەرکردەی بیانی سەر بە قاعیدە و دەیان کەسی بیانی کە پەیوەندییان بەو گروپانەی باکووری ڕۆژئاوای سووریاوە هەبووە، لە ڕێگەی دەروازەی باب هەوا ڕادەستی هەواڵگری تورکیا کردووە.