تورکیا پشتیوانی سەربازی نوێ رەوانەی ناوچەکانی ئاگربەست دەکات لە گوندەواری حەڵەب

ئیدلیب – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، هێزەکانی تورکیا کاروانێکی سەربازی نوێ کە کەرەستەی لۆجستی و سەربازی لەخۆگرتبوو، رەوانەی ناوچەی کەمکردنەوەی پەرەسەندن “ئاگربەست” لە باکوری رۆژئاوای سوریا کرد، ئەمەش رۆژێک دوای ئەوە دێت، کە ناوچەکە رووبەڕووی هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا بووەوە.

سەرچاوە سەربازییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، کاروانێکی سەربازی تورکیا کە زیاتر لە 14 ئۆتۆمبێلی سەربازی و لۆجستی و زرێپۆشی تێدابووە، لە ڕێگەی دەروازەی سنووری کفر لوسینەوە چوونەتە ناو ناوچەکانی سوریاوە و بەرەو پیگەکانی تورکیا لە ناوچەی ئەتاریب لە رۆژئاوای حەڵەب بەڕێکەوتوون.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، کاروانەکە 12 زرێپۆشی تێدابووە کە دوو بارهەڵگریان لەنێودا بوو، بە تەقەمەنی و کەرەستەی لۆجستییەوە و پێدەچێت ئامانجی ئەمەش بەهێزکردنی پێگەکانی تورکیا بێت، نزیک بە هێڵەکانی بەریەککەوتن لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا لەو ناوچەی پێشتر ئاماژە پێکرا.

هێنانی پشتیوانییە سەربازییەکانی تورکیا کەمتر لە 24 کاتژمێر دێت پاش هێرشە ئاسمانییەکانی چواردەوری شاری ئیدلب لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی روسیاوە، کە سێیەم هێرشی لەم جۆرەیە لەم مانگەدا، رۆژی 12ی ئەم مانگەش لایەنی تورکیا کاروانێکی پشتیوانی سەربازی هاوشێوەیان رەوانەی باشووری ئیدلب کرد.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، هێزەکانی تورکیا بەردەوامن لە ناردنی هێز و پشتیوانی سەربازی و لۆجیستی زیاتر بۆ ئیدلب، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی سەربازیی نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و رووسیا لە لایەک و میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا لە لایەکی دیکەوە.

ئامادەکردنی: موئەیەد ئەلشێخ – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد