وەزیری نەوتی عێراق لە ئەنقەرەیە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، باڵیۆزخانەی عێراق لە توركیا لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردۆتەوە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە بەسەردانێكی فەرمی دوو رۆژە گەیشتە ئەنقەرە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشكردوە، ئامانجی سەردانەكەی حەیان عەبدولغەنی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی پەیوەست بە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوقۆڵییەكان و فراوانكردنی ئاسۆی هاوكاری لە بواری نەوت و گاز و وزەدا، ئەمە جگە لە گفتوگۆكردن لەسەر دۆسیەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی بەندەری توركیاوە لە جەیهان.

راشیانگەیاند، کە وەزیری نەوت لەگەڵ فاتیح دۆنماز، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەكانی توركیا و ژمارەیەك بەرپرسی توركیا كۆدەبێتەوە، بۆ پشتڕاستكردنەوەی پەرۆشی عێراق بۆ دروستكردنی پردی متمانە و هاوكاری، بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر دەستپێكردنەوەی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی سۆمۆوە بە تایبەتی.