ئیسرائیل چواردەووری دیمەشقی پایتەختی بۆردوومان کرد

دیمەشق– نۆرس پرێس

نیوەشەوی دوێنێ دووشەممە، میدیاکانی سوریا رایانگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل ناوچەکانی دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سوریایان بۆردومان کردووە.

ئاژانسی هەواڵی (سانا)ی سەر بە حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، هێزەکانی بەرگری ئاسمانی لە دەوروبەری دیمەشقی پایتەخت رووبەڕووی بۆردومانی “دوژمن” بوونەتەوە.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا بۆردومانێکی ئیسرائیلی دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سوریای کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار ئەندامی سوپای سوریا کوژران و چواری دیکەش برینداربوون.

ناوچەکانی سوریا بەتایبەتی دیمەشقی پایتەخت، زۆرجار لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان دەکرێن، کە بەزۆری لە ئەنجامدا زیانی مرۆیی و ماددی لێدەکەوێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێک لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بدرێت، هەندێجاریش تێبینی ئەوە دەکرێت، کە بۆردومانەکانیان پێگەکانی ئێران لە ناو سوریادا دەکاتە ئامانج.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی