هێزەکانی حکومەتی سوریا: سێ فرۆکەی بێفرۆکەوانمان خستۆتە خوارەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

وەزارەتی بەرگری حکومەتی دیمەشق، ئەمرۆ دووشەممە رایگەیاند، هێزەکانیان سێ فرۆکەی بێفرۆکەوانیان لە گوندەواری پارێزگەی ئیدلب خستۆتە خوارەوە.

وەزارەتی بەرگری لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، “دوای چاودێری و بەدواداچوونی وردی جموجۆڵی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و هەوڵە دووبارەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر هاووڵاتیانی سڤیلی، یەکەکانی هێزە چەکدارەکانمان لە هێلێ نێوان گوندەکانی ئیدلب و حەما کاردەکەن، توانیان سێ فرۆکەی بێفرۆکەوان بومپرێژکراو بخەنە خوارەوە”.

بەپێی وەزارەتەکە، ئەو فرۆکە بێفرۆکەوانانە کە ئامانجیان هێرشکردنە سەر گوند و شارۆچکە لە ژێر کۆنترۆلی حکومەتی سوریادا بووە، لەلایەن گرۆپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە ئامادەکرابوون.

هێزەکانی حکومەتی دیمەشق ناوبەناو سەرکەوتنی هێزەکانیان لە خستنەخوارەوەی فرۆکەی بێفرۆکەوانی سەر بە گرۆپە چەکدارەکانی سوریا نزیک لە تورکیا و بەرەی نوسرە رادەگەیەنن.