دوو هاوڵاتی سوریا بە تەقەی جەندرمەی تورکیا بریندارکران
ئیدلب – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمرۆ رۆژی دووشەممە 21\8\2023، دوو هاوڵاتی مەدەنی لە نزیکی گوندی عەزمەرین لە رۆژئاوای ئیدلب لە باکوری رۆژئاوای سوریا، بە تەقەی جەندرمەی تورکیا برینداربوون، هاوکات 5 کەسی دیکەش لە نزیکی ئەو شوێنە دەستگیرکران لەنێویاندا کچێک هەیە.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەو دوو گەنجە بە ناوەکانی سەیف بورهان و محەمەد حاج خالید لە کاتی هەوڵدان بۆ پەرینەوە بۆ نێو خاکی تورکیا، لەلایەن هێزی پاراستنی سنوری تورکیا “جەندرمە” تەقەیان لێکراوە، لە ئەنجامدا ئەو دوو گەنجە برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشدا، 5 هاوڵاتی سڤیل له نێویاندا کچێک لەگەڵ ئەو دوو گەنجه لە سەر سنوری نێوان سوریا و تورکیا دەستگیرکراون، بریارە دواتر بۆ بنکەی دەستبەسەرکردنی شاری ئەنتاکیا بگوازرێنەوە. سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، بۆ ئەوەی دەستگیرکراوەکان بەشێوەیەکی هەمیشەیی نەتوانن دووبارە بچنە نێو خاکی تورکیا، هێزەکانی تورکیا زانیاری کەسی پەنجەمۆری دەستیان وەرگرتووە، پێشبینیش دەکرێت لە رێگەی دەوازەی باب ئەلهەوەوە بۆ خاکی سوریا دیپۆرت بکرێنەوە.