وتەبێژی حکومەت لەبارەی قەرزی هاوسەرگیریی و خانوبەرە رونکردنەوە دەدات

هەولێر- نۆرس پرێس

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گۆڕانکاری لە میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزەکانی هاوسەرگیریی و خانوبەرە دەکرێت، بەجۆرێک ڕەچاوی دۆخی دارایی هاوڵاتییان بکرێت و میکانیزمی پێشوو لەبەرژەوەندی هاوڵاتیاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، لەبارەی دانەوەی قەرزی هاوسەرگیری و خانوبەرە، گۆڕانکاری لە میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزەکان دەکرێت، بەجۆرێک کە ڕەچاوی دۆخی دارایی هاوڵاتییان بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستییەتی کە فشارو بارگرانی لەسەر هاونیشتیمانییانی هەرێمی کوردستان دروست نەبێت و میکانیزمی پێشوو لەبەرژەوەندی هاوڵاتیاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

پێشتر هیڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەکردبوو، کاتێک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی زاخۆی کرد، لەبەردەم هەزاران کەسدا، یەکێک لە داواکارییەکان ئەوەبوو کە وەرگرتنی قەرزی خانوبەرە و قەرزی هاوسەرگیری ڕابگیردرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە راگرتنی پێشینەی هاوسەرگیریی و خانوبەرە.