رووسیا: پێشکەوتووترین فرۆکەی ئەمریکا لە ئاسمانی سوریا لە فرۆکەکانمان نزیک بووە

دیمەشق – نۆرس پرێس

وەزارەتی بەرگری رووسیا، رۆژی دووشەممە 21\8\2023 رایگەیاند، کە فرۆکەیەکی “ئێف-35″ی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی “بە شێوەیەکی مەترسیدار” لە فرۆکەیەکی “سوخۆی-35″ی هێزی ئاسمانی رووسیا لە ئاسمانی سوریا نزیک بووەتەوە.

ڤادیم کۆلێت، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا رایگەیاند” فرۆکەیەکی جەنگی “ئێف-35″ی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بە شێوەیەکی مەترسیدار لە فرۆکەیەکی جەنگی سو-35ی رووسی نزیک بووەوە کە گەشتێکی پلان بۆ دارێژراوی بەدرێژایی سنووری باشووری سوریا لە بەرزایی نزیکەی 9 هەزار مەتر لە ئاسمانی ناوچەی ئەلتەنف ئەنجام دەدات.

ڤادیم کۆلێت دەلێت، فرۆکەوانە روسیەکان پیشەییبونی بەرزیان نیشاندا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخەدا، رێوشوێنی پێویستیان لە کاتی خۆیدا گرتەبەر بۆ ئەوەی رێگری لە پێکدادان لەگەڵ فرۆکەکانی هاوپەیمانان بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، “فرۆکەوانە روسییەکان کە پیشەیییەکی بەرزیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخەدا نیشانداوە، رێوشوێنی پێویستیان لە کاتی خۆیدا گرتەبەر بۆ رێگریکردن لە پێکدادان لەگەڵ فرۆکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی”.

ئەو فەرماندە روسییە ئاماژەی بەوەداوە ” فرۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە دروستکردنی بارودۆخی مەترسیدار لە ئاسمانەکانی سوریا، لە رێگەی پێشێلکردنی پرۆتۆکۆڵەکانی “رێگریکردن لە بەریەککەوتن” .

رۆژی شەممەی رابردووش، رووسیا رایگەیاند کە دوو فرۆکەی ئێف-35ی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا رۆژی شەممە بە شێوەیەکی مەترسیدار نزیکبونەوە لە دوو فرۆکەی سوخۆی-35ی ئاسمانی رووسیا لە ناوچەی ئەلتەنف سوریا لە سەر سنووری نێوان سوریا – عێراق و ئوردن.