ئۆکرانیا دانوستان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان دەکات کە تایبەتمەندن بە پاراستنی کەشتییە دانەوێڵییەکان

دیمەشق – نۆرس پرێس

رۆژنامەیەکی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەمرۆ دووشەممە، ئۆکرانیا دانوستان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بیمە دەکات بۆ داپۆشینی کەشتییە دانەوێڵەییەکان، ئەمەش لەبەر رۆشنایی نادڵنیایی چارەنووسی ئەو رێککەوتنەی کە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەگەڵ رووسیا ئەنجامدراوە.

رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە زاری ئۆلێکساندر غەریبان، جێگری وەزیری دارایی ئۆکرانیا رایگەیاندووە، ئۆکرانیا پلانێک لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بیمەدا کۆتایی پێدەهێنێت بۆ داپۆشینی ئەو کەشتییە دانەوێڵەییانەی کە دەچنە بەندەرەکانییەوە و دەگەرێنەوە سەر دەریای رەش.

غەریبان بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، لە ئێستادا رێککەوتنەکە ئامادە دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوام گفتوگۆی لەسەر دەکرێت “لە نێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، هەروەها بانکە ناوخۆییەکان و گروپە نێودەوڵەتییەکانی بیمە، لەنێویاندا لۆیدز لە لەندەن”، بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز.

رووسیا مانگی رابردوو لەو رێککەوتنە کشایەوە کە رێگەی بە ئۆکرانیا دابوو کەلوپەلی خۆراک لە بەندەرەکانی لە دەریای رەشەوە بنێرێت، هەروەها گلەیی لە ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنی خۆراکدا کرد.