هەفتەیەکە شاری حەلەب بێئاوە

حەلەب – نۆرس پرێس

سەرچاوە خۆجێییەکان لە شاری حەلەبی سوریا رایانگەیاند، سەرەرای ئەوەی بریاربوو ئەمرۆ دووشەممە 21\8\2023 ئاوی خواردنەوە بگاتە ژمارەیەک گەرەکی شارەکە بەڵام نەگەیشتووەتە گەرەکەکانی سکەری، فیردەوس و مەیسەلون، کە سەرەکیترین گەرەکەکانی شاری حەلەبن.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بریاربوو شێوازی بەردانی ئاوی خواردنەوە لە شارەکە بەمشێوازە بێت، دوو رۆژ نەبێت و رۆژی سێیەم بگاتە ماڵان، بەڵام ماوەی هەفتەیەک دەبێت، ئاوی زۆرێک لە گەرەکەکانی شاری حەلەب بردراوە، لەو ماوەدا تەنها یەک کاتژمێر ئاو هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دانیشتووان سوودیان لەو کاتژمێرەی بەردانی ئاو وەرنەگرتووە، هەروەها نەگەیشتووەتە زۆربەی گەرەکەکانی شاری حەلەب.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە حکومەتی سوریا “بەهۆی تێچووی باردۆخی ئاوبووری خەڵکی حەلەب بە کێشەکانی ئاو و کارەباوە سەرقاڵ دەکاتەوە”.

سەرچاوەکان جەختیانکردوە، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی حەلەب ناچارن بە تانکی ئاو بکرن، کە نرخەکەی لە نێوان 60 بۆ 70 هەزار لیرەی سورییە، ئەمە جگە لەوەی ئاوەکەی شیاوی خواردنەوە نییە.