پاش تۆمارکردنی زیاتر لە 300 حاڵەتی نەخۆشی لیشمانیا.. تەندروستی مەنبیج هۆشداری دەدات

مەنبیج – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، بەرپرسێکی لیژنەی تەندروستی لە مەنبیج لە رۆژئاوای کوردستان، هۆشداریدا لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لیشمانیا لەنێو دانیشتواندا، بەتایبەتی لەم کاتەی ساڵدا و بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، بەو پێیەی لە ماوەی مانگی رابردوودا زیاتر لە 300 حاڵەتی تووشبوون بەو نەخۆشییە تۆمارکراوە.

نەخۆشی لیشمانیا نەخۆشییەکی مشەخۆرییە، بەهۆی پێوەدانی مێشێکی بچووکی زەردەوە دەگوازرێتەوە، کە بە “مێشی لمین” ناسراوە، لەسەر رووەکی تەڕ و لاشەی ئاژەڵ گەشە دەکات.

فیریال ئەلحەسەن، کارگێڕ لە لیژنەی تەندروستی مەنبیج رایگەیاند، لە ماوەی مانگی تەمموزی رابردوودا، 310 حاڵەتی تووشبوونیان بە نەخۆشی لیشمانیا لە مەنبیج تۆمارکردووە، ئەمە جگە لەوەی هەزار و 817 نەخۆش چارەسەریان وەرگرتووە.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، لەشمانیا لە مەنبیج لە شوێنەکانی نزیک تاڵاو و گۆماوەکان بڵاودەبێتەوە، وەک ناوچەکانی (ئەلمەنکوبە و گوندەکانی دەوروبەری)، کە جۆگەلەی ئاوەڕۆی شارەکەی پێدا تێدەپەڕێت، ئەمە جگە لە گوندەکانی نزیک رووباری فورات، کە بەهۆی دابەزینی ئاستی رووبارەکەوە، نەخۆشییەکە تێیدا بەزوویی تەشەنە دەکات.

نیشانەکان لەسەر کەسی تووشبوو دوای شەش مانگ لە پێوەدانی مێشی لمین دەردەکەون، کە خۆڵ و تاڵە موویەکی سوور لە شوێنی پێوەدانەکەی بەجێدەهێڵێت، پێش ئەوەی پێوە بدات، بەپێی وتەی ئەلحەسەن.

کارگێڕەکەی لیژنەی تەندروستی راشیگەیاند، بنکە تەندروستییەکانی مەنبیج توشبووان وەردەگرن و پشکنینی کلینیکی و تاقیگەییان بۆ ئەنجام دەدەن بێ بەرامبەر و چارەسەری پێویستیان بۆ دابین دەکرێت.

چارەسەرەکە دابەش دەکرێت بەسەر دوو جۆردا، بەشەکی و ماسولکەکان، لەم ماوەیەدا نەخۆشی جۆری بەشەکی لە هەفتەیەکدا دوو جار دەرمان وەردەگرێت، بۆ ماوەی چوار هەفتەدا، لە کاتێکدا نەخۆشە ماسولکەییەکان بیست ژەم وەردەگرن، لە ماوەی بیست رۆژدا، واتە یەک ژەم لە رۆژێکدا.

رۆژی 23ی تەمموزی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتی ژینگە لە شارەوانی مەنبیج هەڵمەتێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مێشی لمین دەستپێکرد بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەشمانیا، هەڵمەتەکە ئەو ناوچانەی گرتەوە کە تووشبوون تیایاندا زۆرە.

ئامادەکردنی: فادی ئەلحوسێن – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان