کۆتایی ئەم هەفتەیە وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

وابڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

پێشه‌وا هه‌ورامانی گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ روپەری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایگەیاند: “لەم هەفتەیەدا بەڕێز وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و لە هەولێر لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە”.

پێش ئەوەش ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ئاژانسە ناوخۆییەکانی عێراقی راگەیاند، کە رۆژی چوارشەممە 23ی ئەم مانگە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدا دەکات و “لەگەڵ هەریەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و چەندین کەسایەتی باڵای حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە.” 

 ئەحمەد سەحاف گوتیشی، وابڕیارە لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات بکرێت، هەروەها گفتوگۆ دەربارەی پرسی ئەمنی هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دەکەن و پێداچوونەوەش بە گرنگترین دەرفەتە هاوبەشەکاندا دەکرێت.

بڕیارە رۆژێک دوای ئەوەش هاکان فیدان سەردانی هەولێر بکات و بە جیا چاوی بە هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بکەوێت و پێکەوە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە گفتوگۆ بکەن.