وەزیری بەرگری ئیدارەی ترامپ سەردانی رۆژئاوای کوردستان دەکات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

کریستوفر میلەر، وەزیری بەرگری پێشووی ئەمریکا، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، داوای پشتیوانی زیاتری ئەمریکا بۆ بەرێوەبەرایەتی خۆسەر و پاراستنی “ئەزمونی نمونەیی” لە سوریا کرد.

رۆژی یەکشەممە، 20\8\2023، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەرێوبەرایەتی خۆسەر راگەیاند، میلەر چوارشەممەی رابردوو سەردانی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆلی هەسەدە کردووە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لە ناوچەکە ئەنجامداوە.

بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمانگەی پەیوەندەییەکانی دەرەوەی بەرێوبەرایەتی خۆسەر، ‌وەزیری بەرگری پێشووی ئەمریکا داوای جێبەجێکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کرد، هەروەها لەگەڵ فەرمانگەی کاروباری دەرەوەی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، باسی ئەو ئاڵەنگارییانە کرد کە رووبەرووی دەبێتەوە، ئەو هەرەشە و مەترسیانەی لەسەری هەیە، هەروەها چەختیکردوە، لە سەر گرنگی پاڵپشتیکردنی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لە رووی ئابووری و سیاسییەوە.

پرسی کەمپ و زیندانەکان یەکێکی دیکە تەوەری قسەکانی کریستوفر میلەر بوون،  وتی کە ئەم دوو پرسە پێویستیان بە پشتیوانی زیاترە لەوەی کە کراوە.

لای خۆیەوە بەدران جیا کورد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەرێوبەرایەتی خۆسەر، باسی لە دۆخی ناوچەکە و پرسە گشتیەکانی کرد، هەروەها ئەو ئاڵەنگاریانەی هەن و پێویستییەکانی هاوکاری هاوبەشی لە پێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیری روونیکردووە.

لە 9\11\2020  دۆناڵد ترەمپ کرێستۆفەر میلەری لە شوێنی مارک ئەسپەری وەزیری بەرگری دانا، و لە پۆستێکەی تاوەکو 2021 بەردەوام بوو.