دوای لەکارکەوتنی وێسگەکان.. دانیشتووانی تەبەقە ئاوی تانکەر دەخۆنەوە
تەبەقە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسێک لە لیژنەی ئیدارەی خۆجێی و شارەوانییەکان لە تەبەقەی رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاند کە پڕۆسەی دابەشکردنی ئاو بەسەر ئەو گەڕەکانەی بەدەست کەمی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنن “بەردەوامە”.
پێنجشەممەی رابردوو ئەنجومەنی جێبەجێکردن لە تەبەقە دەستپێشخەرییەکی راگەیاند بۆ دابەشکردنی ئاو بەسەر دانیشتوواندا، بەهۆی کەمی ئاوی خواردنەوەوە، لە ئەنجامی لەکارکەوتنی وێستگەکان بەهۆی نزمی ئاستی ئاوی رووباری فوراتەوە.
سەمەر شەمسەدین، هاوسەرۆکی لیژنەی کارگێڕی خۆجێی و شارەوانیەکان رایگەیاند، دەستپێشخەری دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە بەردەوامە و هەموو ئەو گەڕەکانە دەگرێتەوە کە بێبەشن لە ئاو، ئەوانیش گەڕەکەکانی (ئاید و زوەیقات و ئەلمەشار و ئەلکرین و ئەلبوعاسی)ن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەڵمەتەی کە ئەنجومەنی جێبەجێکار وەک حاڵەتێکی “فریاگوزاری” دەستیپێکردووە دوای ئەوەی وێستگەکانی ئاو لە خزمەتگوزاری دەرچوون.
رۆژی 7ی ئاب، حەموود ئەلشێخ، هاوسەرۆکی یەکەی ئاوی تەبەقە رایگەیاند، وێستگەی “بولدۆزەر” کە ئاو دەدات بە شاری تەبەقە، لە خزمەتگوزاری دەرچووە، دەرچوونیشی هەڕەشەی کورتهێنان لە دەستەبەرکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شارەکە دەکات .
شاری تەبەقە پشت بە وێستگەکانی “بولدۆزەر و سەرەکی” دەبەستێت بۆ ئەوەی ئاوی خواردنەوە بە شارەکە بدات، ئێستاش ناچار دەبێت پشت بە یەکێکیان ببەستێت، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی بڕینی ئاوی خواردنەوە بۆ ماوەیەکی درێژ، بە گوتەی ئەلشێخ.
شەمسەدین ئاماژەی بەوەشکرد، 12 تانکەر بەشداری دەستپێشخەرییەکە دەکەن بۆ دابەشکردنی ئاو بەسەر ئەو گەڕەکانەی کە ئاویان نییە، هیچ ماوەیەکی دیاریکراو نییە بۆ تەواوکردنی کارەکە، “تا ئەوکاتەی دۆخی ئاو باشتر دەبێت بە گەیاندنی تۆڕی ئاو بە دانیشتوان”.
یەکەی ئاو لە تەبەقە سەرقاڵی هەڵکەندنی رێڕەوی رووبارێکە بۆ بەستنەوەی ئاوی فورات بە وێستگەکانی پەمپکردنەوە، هاوکات بانگەوازێکی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکان و لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان کردووە کە “کۆتایی بهێنن” بەو کردەوانەی دەوڵەتی تورکیا لە بڕینی ئاوی فورات.