“داعش” بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی “هەسەدە” راگەیاند
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، ناسێنەرەکانی نزیک لە دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” رایانگەیاند، ئەندامانی رێکخراوەکە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان، لە شارۆچکەیەکی باشووری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، کردووەتە ئامانج.
دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە چەکدارانی ئەو رێکخراوە بەچەکی ئۆتۆماتیکی، ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی “هەسەدە”یان لە نزیک گوندی ئەلزەینات لە باشووری شارۆچکەی شەدادی کردۆتە ئامانج.
ئەوەشیان خستۆتەڕوو، بەئامانجکردنەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەندامێکی “هەسەدە” و برینداربوونی دوو ئەندامی دیکەیان.
دوێنێ شەممە، سەرچاوەیەکی سەربازی لە “هەسەدە” رایگەیاند، چەکدارە نەناسراوەکان کە سواری ماتۆڕسکیل بوون، بەچەکی ئۆتۆماتیکی، ئۆتۆمبێلێکی سەربازی “هەسەدە”یان کردوەتە ئامانج، لە ئەنجامدا شەڕڤانێک بە ناوی “سەوادی ئەلسەرحان” (28 ساڵ) شەهید بووە و دوو ئەندامی دیکەش برینداربوون.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە “هەسەدە” بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو رووداوە نەدا.
لە سەرەتای هەفتەی رابردووەوە، رێکخراوەکە بانگەشەی شەش کردەوەیان لە سوریا کردووە، کە دوو ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەت و چواریان لە ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەر ئەنجامدراون.