هیلالی سعودی لە مەراسیمێکی سەرنجڕاکێشدا پێشوازی لە هاتنی نەیمار کرد

ژووری وەرزش– نۆرس پرێس

لە کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆشدا یانەی هیلالی سعودی، مەراسیمێکی سەرنجڕاکێسی پێشکەش بە ئەستێرە نوێیەکەی “نەیمار” کرد، بە ئامادەبوونی جەماوەرێک کە بە کورسییەکانی یاریگای نێودەوڵەتی شا فەهدیان لە ریازی پایتەختی سعودییە پڕکردبووەوە.

ئاهەنگەکە بە مۆسیقا و رووناکی سەرنجڕاکێش رازێنرایەوە و رەنگی شین هەموو شوێنێکی یاریگاکەی داپۆشیبوو.

لەناو هاوارێکی شێتانەدا، نەیمار چووە ناو یاریگاکە، لەوێش تەوقەی لەگەڵ منداڵانی هیلال کرد، کە رێڕەوێکی شکۆیان بۆ پێکهێنابوو.

ئەستێرە بەڕازیلییەکە پێدەچوو سەری سوڕمابێت بەهۆی جۆش و خرۆش و چەپڵە لێدانی هاندەرانەوە کە نەدەوەستا.

لە گوتەیەکدا نەیمار گوتی: “دڵخۆشم بەم پێشوازییە پڕ لە جۆش و خرۆشەوە، هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی دڵخۆشتان بکەم”.

لە هەمان مەراسیمدا، مالکۆمی بەڕازیلی و یاسین بۆنۆی مەغریبیش پێشکەش کران، کە دوایین گرێبەستەکانی یانەی هیلال بوون لە گواستنەوەکانی ئەم هاوینەدا، لەگەڵ نەیماری ئەستێرەی بەرازیلی بوو.