تورکیا 175 ئاوارەی سوریا و عێراق لە رێگەی دەروازەکانی باب ئەلهەوا و گرێ سپییەوە دیپۆرت دەکاتەوە

ئیدلیب – نۆرس پرێس

دوێنی شەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 175 پەنابەری سوری و عێراقییان لە تورکیاوە بۆ ناوچەکانی باکووری سوریا، کە لەلایەن گروپە دڵسۆزەکانیانەوە کۆنتڕۆڵ کراون، لە رێگەی دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە دیپۆرت کردەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە نۆرس پرێسی راگەیاند، دەسەڵاتدارانی تورکیا نزیکەی 70 کەسیان لە رێگەی دەروازەی گرێ سپییەوە رادەستی “شورتەی عەسکەری” دڵسۆزیان کردووەتەوە، لەنێویاندا 15 هاوڵاتی عێراقی هەبوون، کە ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەی ئەمنیدان.

هاوکات دەسەڵاتدارانی تورکیا 105 پەنابەری سورییان بۆ ئیدلب دیپۆرتکردەوە کە لەژێر دەسەڵاتی دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو)دایە، لەنێویاندا 27 ژن و منداڵ هەبوون.

سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، کە پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوەکە دوای لێوەرگرتنەوەی سەرجەم بەڵگەنامەکانیان، کۆپی چاو و پەنجەمۆر، ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی بە یەکجارەکی و بۆ هەمیشە رێگە لە گەڕانەوەیان بگرن، بەبێ ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیان کە لە تورکیا نیشتەجێن.

تورکیا بەردەوامە لە درێژەدان بە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سوریا، بەتایبەتی دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان توانی خولی نوێی سەرۆکایەتی تورکیا بباتەوە، خێرایی دیپۆرتکردنەوەیان زیادیان کردووە.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان